"هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بارەگاکانمان ئیرادەمان زیاد دەکات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی"

‌پارتە سیاسیەکانی ناو هاوپەیمانێتیەکە

هاوپەیمانی هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاندراوێکیان لە بارەی هێرش و بۆردومانەکانی ئێران بۆسەر بنکە و بارەگاکانیان لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردوەتەوە.

پێنج شەممە، ٥ ئادار ٢٠٢٦، هاوپەیمانی هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند "هێرشەکانی ڕژێم بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نیشانەی زەبوونی و ترسی گەورەی کاربەدەستانی ڕژێم لە بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد لە ئێرانە، نەک هەنگاوی تێکۆشان و بەردەوامیمان پێ شل ناکات، بەڵکوو ئیرادەمان بۆ خەبات و لەپێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و ڕزگاریی کوردستان بەهێزتر دەکات".

هاوپەیمانێتیەکە داوایەکی ئاراستەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردوە و دەڵیت "دیکە داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە لە کاتێکدا ڕژێم هێزەکانی خۆی لە مزگەوت و قوتابخانەکان مۆڵ داوە و کۆبوونەوە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی لە ناوەندە ئیدارییەکاندا بەڕێوە دەبات، پێویستە بە زووترین کات لە بنکە سەربازی و ناوەندە ئەمنییەتی و ئیدارییەکانی ڕژێم و هەروەها لە شوێنی کۆبوونەوەی هێزەکانیان دوور بکەونەوە".

هاوپەیمانی هێزە ساسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شەش پارتی سیاسی پێکدێت کە لە ٢٢ شوباتی ٢٠٢٦ ڕێکەوتنێکیان واژۆکرد و ڕۆژی ڕابردوو کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی کوردستانی ئێرانیش چوە ناو هاوپەیمانێتیەکە. 

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەمشێوەیەیە:

"خەڵکی خەباتکار و تێکۆشەری کوردستان!
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی بە مووشەک و دڕۆن بنکەکانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئامانج گرتووە. ئەم هێرشانە شەهیدبوونی جه‌لال ڕه‌شیدی، پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان و برینداربوونی چەند پێشمەرگەیەکی دیکەی ئەم حزبە و هەروەها چەند پێشمەرگەیەکی حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لێ کەوتووەتەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوخۆی کوردستانیش و لە چەند شارێک، بەهۆی بۆڕدوومانەکانەوە کۆمەڵێک کەسی مەدەنی شەهید و بریندار بوون.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید جەلال ڕەشیدی و پارتی ئازادیی کوردستان، هەروەها سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییانی ئەو شەڕەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا هەڵیگیرساندووە، ڕادەگەیەنێت:
هێرشەکانی ڕژێم بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نیشانەی زەبوونی و ترسی گەورەی کاربەدەستانی ڕژێم لە بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد لە ئێرانە، نەک هەنگاوی تێکۆشان و بەردەوامیمان پێ شل ناکات، بەڵکوو ئیرادەمان بۆ خەبات و لەپێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و ڕزگاریی کوردستان بەهێزتر دەکات.

هەروەها جارێکی دیکە داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە لە کاتێکدا ڕژێم هێزەکانی خۆی لە مزگەوت و قوتابخانەکان مۆڵ داوە و کۆبوونەوە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی لە ناوەندە ئیدارییەکاندا بەڕێوە دەبات، پێویستە بە زووترین کات لە بنکە سەربازی و ناوەندە ئەمنییەتی و ئیدارییەکانی ڕژێم و هەروەها لە شوێنی کۆبوونەوەی هێزەکانیان دوور بکەونەوە.”




PM:07:56:05/03/2026