مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و هۆشداری دەدات لە دۆخی مەترسیداری ناوچەکە و داوا دەکات کە کار بۆ پاراستنی هەرێم بکرێت.
پێنج شەممە، ٥ ئادار ٢٠٢٦، کۆمەڵی دادگەری کوردستان ڕایگەیاند "ئەمساڵ یادی ڕاپەڕین کەوتووەتە ڕۆژێکەوە کە بەهۆی پەلامارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، مەترسیی ماڵوێرانی و کاولکاری باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە، نیگەرانین لەوەی بەهۆی مۆدێلی پشکپشکێنە و بیری تەسک، نێوماڵی کورد پەرتەوازەیە و ئەمەش زیانی بۆ هەرێم دەبێت لەم شەڕەدا".
کۆمەڵی دادگەری بە سێ خاڵ نەخشەڕێگا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە دەخاتەڕوو:
یەکەم- دەبێت زۆر بە وریایی مامەڵە بکرێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان تێوەنەگلێت، چونکە شەڕێکی ماڵوێرانکەر لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە.
دووەم- خەڵکی هەرێم بەهۆی قەیران و بێمووچەییەوە ماندوون، بۆیە پاراستنیان لە شەڕ و ئاوارەیی دەبێت لەپێشینەی هەموو کارێک بێت.
سێیەم- دۆخی هەرێم ناسکە، نابێت بەرپرسان گوێ بە فشار، هەڕەشە، یان پیاهەڵدانی دەرەکی بدەن، بەڵکو دەبێت قەوارەی هەرێم بپارێزن و لەم ئاژاوەیە بێلایەنی بکەن.
لە کۆتایی پەیامەکەدا، "داوا دەکەین بە گفتوگۆ کۆتایی بەم شەڕە بهێنرێت، چونکە کۆتایی هەموو شەڕێک هەر دانیشتنە لەسەر مێزی گفتوگۆ. هەروەها پیرۆزبایی ساڵیادی ڕاپەڕین لە خەڵک و پێشمەرگە دەکات و داواکارە لەم مانگە پیرۆزەدا خودا کوردستان لە شەڕ بپارێزێت".