شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: واز لەگەلی کورد بهێنن، ئێمە داردەستی کەس نابین


نوسینگەی خانمی یەکەمی عێراق، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ڕاگەیاندراوێکی بە بۆنەی ٣٥ـەمین ساڵیادی ڕاپەڕین و دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت " واز لەگەلی کورد بهێنن، داردەستی کەس نابین".

پێنج شەممە، ٥ ئادار ٢٠٢٦، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق ڕایگەیاند "ئەمڕۆ یادی ئەو سەردەمەی ڕاپەڕین دەکەینەوە و لە بیری ناکەین کە چی لێوە فێربووین، بەم دوواییانە بینیمان چی بەسەر باکوری خۆرهەڵاتی سوریا یان رۆژئاڤا هات. دوای ئەو هەموو بەڵێنانەی بەکوردانی ئەوێ دران و چۆن لەریزی پێشەوەی بەگژداچونەوە و جەنگ دژی داعش وەستانەوە، بینیمان لە کۆتاییدا چۆن مامەڵە کران، ئەمڕۆش، دواجار گەلی کورد لە عێراق چێژی سەقامگیری و شکۆمەندی کرد، لەبەر ئەم هۆکارە، سەختە، بگرە مەحاڵە، کورد قبوڵی بکات کە ببێتە دەستکەلای هێزە زەبەلاحەکانی جیهان".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە "ئەزمونەکانی پێشوو و بەڵێنەکان شاهیدن، زۆربەی کات کە پێویستی بەهێز و قوربانیدان دەبێت پەنا بۆ کورد دەبرێت،  بۆیە داوا لەهەموو لایەنە بەشەڕهاتووەکان دەکەم، واز لەگەلی کورد بهێنن، ئێمە داردەستی کەس نابین".




PM:09:28:05/03/2026