وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند” شەوی رابردوو، گرووپێکی چەکداری عێراق هێرشێکیان کردە سەر کێڵگەی نەوتی (HKN) لە ناوچەی سەرسەنگی سەر بە پارێزگای دهۆک.”
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەم کارەی وەک "هێرشێکی تیرۆریستی" ناوزەند کردووە کە ڕاستەوخۆ ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانج.
لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، زیانی ماددی بەر کێڵگەکە کەوتووە و بەهۆی مەترسییەکان و زیانە تەکنیکییەکانەوە، پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی ناوبراودا بە تەواوی ڕاگیراوە. وەزارەت جەخت دەکاتەوە کە ئەمە زیانێکی گەورەیە بۆ داهاتی گشتی و سامانی خەڵک.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان حکومەتی فیدراڵی عێراق بە بەرپرسیار دەزانێت و ڕایگەیاندووە کە هێرشەکە لەو ناوچانەوە ئەنجامدراوە کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیدان. ئاماژە بەوە کراوە کە هەر لایەنێک دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچانەدا هەبێت، بەرپرسیارێتی پاراستنی سنوورەکە و ڕێگریکردن لە هێرشەکانی لەسەر شانە.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، حکومەتی هەرێم داوای بەپەلە لە بەغدا دەکات کە ڕێگری بکات لەو گروپانە و سنوورێک بۆ هێرشەکان دابنێت. جەخت کراوەتەوە کە پێویستە پارێزگاری لە کەرتی نەوت و غاز و ژێرخانی ئابووری بکرێت، چونکە بەردەوامی ئەم هێرشانە زیان بە داهاتی سەرجەم عێراق دەگەیەنێت.