کەناڵی i24NEWSی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە پشت پەردەوە دەستی بە گفتوگۆ کردووە لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی تاوتوێکردنی سیناریۆکانی پشتگیریکردنی ئۆپۆزسیۆن لە ئەگەری قووڵبوونەوەی گرژییەکان لەگەڵ تاران، بە جۆرێک کە واشنتۆن دەیەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ هەماهەنگی لە نێوان ئەمریکا و هێزە کوردییەکانی ئێران وەک حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە و پژاک.
پەیامی ئەمریکییەکان بۆ سەرکردایەتی کورد لە عێراق پێشنیاری پشتیوانییەکی ئابووری و سیاسی فراوانی تێدایە کە گەرەنتی ئەمنیی جیدی لەخۆ دەگرێت وەک جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت لە هەولێر و سلێمانی بۆ پاراستنی ناوچەکە لە بەرامبەر هەر هێرشێکی مووشەکی گریمانکراوی ئێران، هاوکات فشار خراوەتە سەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان تا پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ تاران کەم بکاتەوە لە بەرامبەر بەهێزکردنی پێگەی سیاسی بافل تاڵەبانی لە ناوخۆی عێراقدا.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئامانجی ئەمریکا لەم قۆناغەدا دابەشکردنی ئێران نییە بەڵکو کارکردنە بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتە بۆ فیدراڵیزمێکی هاوشێوەی عێراق بە مەبەستی لاوازکردنی دەسەڵاتی ناوەندی، ئەم پلانە تەنیا کورد ناگرێتەوە بەڵکو نەتەوەکانی تری وەک ئازەری و بەلوچ و عەرەبی ئەهوازیش دەبنە بەشێک لەو جوڵە سیاسییەی کە واشنتۆن لە ناوچەکەدا دەستی پێکردووە.
سەرەڕای ئەم هەنگاوانە تورکیا وەک بەربەستێکی گەورە لەبەردەم ئەم پڕۆژەیە دەبینرێت چونکە ئەنقەرە هەر جۆرە بەهێزبوونێکی کورد بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت، ئەمەش وادەکات جوڵەکانی ئەمریکا زۆر هەستیار بن و ئەو پرسیارە جەوهەرییەش دەهێنێتە ئاراوە کە ئایا واشنتۆن کورد وەک هاوبەشێکی ستراتیژی دەبینێت یان تەنیا وەک کارتێکی فشاری کاتی لە ململانێکانیدا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەکاریان دەهێنێت.