نێچیرڤان بارزانی و سوودانی جەخت لە پاراستنی سەروەریی عێراق و یەکخستنی هەڵوێستەکان دەکەنەوە

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 6ی ئاداری 2026 ئەنجامدرا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوایین پێشهاتە ئەمنی و سەربازییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد، تیشکیان خستە سەر کاریگەریی ئەو ئۆپەراسیۆنانە لەسەر دۆخی ناوخۆیی وڵات.

 هەردوولا بە توندی دژی هەر جۆرە هێرش و دەستدرێژییەک وەستانەوە کە دەکرێتە سەر شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دووپاتیان کردەوە کە نابێت عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێ نێودەوڵەتییەکان.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیان لەوە کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادرێت خاکی عێراق وەک پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت، چونکە ئامانجی سەرەکی لەم قۆناغەدا پاراستنی ئارامی و بەهێزکردنی سەقامگیرییە. 

هاوکات ئاماژەیان بەوە دا کە سروشتی ئاڵنگارییەکانی ئێستا وا دەخوازێت سەرجەم هێزە نیشتمانییەکان گوتار و هەڵوێستی خۆیان یەکبخەن بۆ ئەوەی بتوانن بە یەکدەنگی ڕووبەڕووی مەترسییەکان ببنەوە و سەروەریی نیشتمانی و ئاسایشی گشتیی وڵات بپارێزن.




PM:06:37:06/03/2026