خالید عەزیزی وتەبێژی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا رایگەیاند" سیستەمی سیاسی ئێرانی داهاتوو دەبێت ڕەنگدانەوەی هەمەچەشنی ئەو وڵاتە بێت، و دەبێت کورد و تورکە ئازەرییەکان پەیوەندییەکی تایبەتییان هەبێت لەگەڵ یەکتر، ئێمە سنور و شاری هاوبەشمان هەیە لەگەڵ ئازەرییەکان و لەپاڵ ئەوەی بە چاوێکی هەمەلایەنە سەیری هەموو ئێران دەکەین، دەبێت بە چاوێکی تایبەت سەیری چەند و چۆنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکە ئازەرییەکان بکەین ".
وتیشی "نەتەوەکانی ئێران پێگە و بارودۆخی تایبەت بە خۆیان هەیە. ئێمە وەک حزبی دیموکرات دەمێکە لەگەڵ حزبەکانی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئێران پەیوەندیمان هەیە و لە هەندێک کۆڕ و کۆمەڵدا بەیەکەوە هاوکاریشمان هەیە."
"هەمیشە لە کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان دەڵێین ئێران وڵاتێکی فرە چەشن و نەتەوە و ئاینە و خاوەنی جۆراوجۆری ئاراستەی سیاسییە. ئەمە دەمانگەیەنێتە ئەو تێگەیشتنەی کە ئێرانی داهاتوو ئێرانێکی دیکتاتۆری پاوانخواز نابێت" ( خالید عەزیزی وای وت).
ئێرانێک کە لەوێدا بەشداری هەموو لایەنێک بەیەکەوە دەتوانێت وڵاتەکە بەڕێوەبەرێت. بۆیە، ئەمە لە ڕووی دەروونییەوە ئامادەیی دروستدەکات و لە ڕووی مەیدانیش بەرپرسیارییەت دروستدەکات."
خالید عەزیزی دەشڵیت "لە سەردەمی کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجاندا، پێشەوا قازی سەرۆکی کۆماری کوردستان لەگەڵ پێشەوەری ئازەربایجان ڕێککەوتنێکیان هەبوو. کە کێشە ڕوویدەدا، لەگەڵ یەکتر دادەنیشتن و گفتوگۆیان دەکرد."
وتیشی"حزبی دیموکراتیش هەمەیشە بەدوای ئەوەدا گەڕاوە گفتوگۆی لەگەڵ تورکە ئازەرییەکاندا هەبێت. بۆیە لە چوارچێوەی بەردەوامی ئەو سیاسەتەدا، لەدەرەوە ئێمە دانیشتنمان لەگەڵ ئازەرییەکان هەبووە، وە لە ناوخۆی وڵات بە چالاکوانە مەدەنییەکانی کورد و تورکمان گوتووە پەیوەندییان لەگەڵ یەکتر خۆش بێت، چونکە پێمان وایە ئەگەر لەیەکترتێنەگەیشتنیش هەبێت، ڕێگاکەی هەر ئەوەی گفتوگۆ بکەین لەگەڵ یەکتر."