نرخی غازی ماڵان گران دەبێت

بەهۆی ئاسەوارەکانی شەڕی ئەمریکا و ئیسراییل دژی ئێران نرخی، غازی ماڵان لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.

لە هەرێمی کوردستان نرخی غازی ماڵان بەشێوەی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بوتڵێک لە نزیکەی ٩ هەزار دینارەوە گەیشتووەتە سەروو ١٥هەزار دینار. لایەنی پەیوەندیدار دەڵێن، راگرتنی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بەهۆی جەنگەوە هۆکارە.

بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ نرخی بوتڵێک گازی ماڵان بەشێوەی بازرگانی لە هەولێر لەنێوان ١٧بۆ ٢٠ هەزار دینارە، لە سلێمانی ١٥ بۆ ١٧ هەزار دینار و لە دهۆک ١٤ بۆ ١٥ هەزار دینارە.

لەمبارەیەوە ئەندازیار قارەمان عەبدولڕەحمان، بەرپرسی بەشی گاز لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە لە لیدوانێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: "بەرزبوونەوەی نرخ هۆکارەکەی راگیرانی بەرهەمهێنانی گازە لە کێڵگەی کۆرمۆر و کەمبوونەوەی دابەشکردنی گازی حکومی".

لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە ٢٨ی شوبات، بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر راگیرا. ئەو هەنگاوە جگە لە کەمبوونەوەی غازی ماڵان، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی.




PM:01:09:07/03/2026