پاسەوانی سنور بنکەو بارەگاکانی لە سەرسنورەکان لەگەڵ ئێران بەهێز دەکات

بۆ بەهێزترکردنی بنکە و بارەگاکانیان لە سنورەکانی عێراق – ئێران ئەمڕۆ هێزێکی پاسەوانی سنوری عێراق بەرەو پێنجوێن کەوتەڕێ.

بە پێی زانیارییەکان ئەم جوڵەیە بە هەماهەنگییە لەگەڵ هێزی پێشمەرگەو ئاسایشی كوردستان ئەنجام دەدرێت.

لەمبارەیەوە فەرماندەی هێزی پاسەوانی سنوری عێراق رایگەیاند، "سنورەكانی عێراق لەگەڵ هەموو وڵاتانی پارێزراوەو هیچ دزەكردن نییە و ئەوەی باسدەكرێت لەبارەی دزەكردن بەرەو ناو خاكی ئێران دورە لە راستییەوە".

فەرماندەكە باسلەوە دەكات، "هەماهەنگی و پەیوەندی لەنێوان ئامر لیواكانی سنوری عێراق و ئێران بەردەوامە".

ئەم جوڵەیە هاوكاتە لەگەڵ پەیامەكانی سەرۆك كۆماری ئێران بۆ راگرتنی هێرش بۆسەر وڵاتانی دراوسێ و كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەرێگەی ژمارەیەك وڵاتی نێوەندگیرەوە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریكا.




PM:01:33:07/03/2026