چالاکوانێکی ژن: لە ٢ مانگدا ١٣ ژن کوژراون


سبەینێ ٨ ئادارە، ڕۆژی جیهانی ژنانە و چالاکوانی مافەکانی ژنان، شەدە بەشیر، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماری کوشتنی ژنانی لە ٢ مانگی سەرەتای ئەم ساڵ بڵاو کردوەتەوە و دەڵێت "١٣ ژن لە کوردستاندا کوژراون".

شەممە، ٧ ئادار ٢٠٢٦، شەدە بەشیر، چالاکوانی مافەکانی ژنان رایگەیاند "ئەم تاوانانەی بەرامبەر بەژنان دەکرێت، تەنها رووداو ژمارە نیە بەڵکوت زەنگێکە کەپێمان دەڵێت ژنان لەمەترسیدان، ئەم تاوانانە هۆشدارییەکی جدییە بۆ هەموو کۆمەڵگەو دامەزراوە فەرمیەکان و بۆ دەسەڵاتداران، چونکە توندوتیژی دژی ژنان هێشتا کێشەیەکی قووڵ و چارەسەرنەکراوە".

سەبارەت بە ڕێگریکردن لە کوشتنی ژنان، ئەو چالاکوانە وتویەتی " کوشتنی ژنان نابێت وەک ڕووداوێکی ئاسایی سەیر بکرێت، پێویستە یاساکان بەشێوەیەکی توندتر جێبەجێبکرێن و تاوانباران دادپەروەرانە سزابدرێن، پاراستنی ژنان ئەولەویەت بێت لەکۆمەڵگادا".

لە کۆتایدا شەدە بەشیر لە بارەی پاراستنی ژنان و ئەرکی دەسەڵات دەڵێت " کوشتنی ژنان تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی و نەبوونی کاردانەوەی جدی دەکرێت ئەم تاوانانە دووبارە ببنەوە، پاراستنی ژنان ئەرکەو لەئەستۆی حکومەتدایە".

لە کاتێکدا ساڵانە لە ڕۆژە تایبەتەکانی ژناندا ئامارەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان بڵاودەکرێتەوە، بەڵام ئەو ئامارانەش تەنها ئەو ژمارانەن کە زاندراون و بڵاوکراونەتەوە، بەشێک لەو ژنانەی کە ڕووبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە سکاڵا تۆمار ناکەن یاخود کوشتنەکانیان وەک ڕووداوی ئاسایی و خۆکوشتن تۆمار دەکرێت. 




PM:03:00:07/03/2026