سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرەنسا بڵاوکردوەتەوە کە گفتوگۆیان لەسەر گرژییەکانی ناوچەکە کردوە.
شەممە، ٧ ئادار ٢٠٢٦، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکە ڕایگەیاند "دۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ بیروڕایان گۆڕییهوه، هەردوولا نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر بە مەترسییەکانی پەرەسەندنی گرژییەکان دەربڕی و هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێگری لە فراوانبوونی زیاتری بازنەی ململانێکان، بە شێوەیەک کە ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلانی ناوچەکە بگەڕێتەوە".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی رۆڵی پێشەنگانەی سەرۆک ماکرۆن و فەرەنسای کرد بۆ پشتگیریکردنی بەردەوامی هەرێمی کوردستان و عێراق، بە تایبەت لە هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە مەترسییەکانی شەڕ و ئاڵۆزی".