شەوی ڕابردوو ئاسمانی هەرێمی کوردستان پڕ بوو لە درۆن و مووشەکی ئێران و هێزەکانی سەر بە بەرەی مقاومە و میلیشیا شیعیەکان، و زیانی مرۆیی لێکەوتەوە، زۆرترین هێرشەکان لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی تۆمار کراون.
لە پارێزگای هەولێر بە زیاتر لە ٩ درۆن هێرش کرایە سەر چەندین شوێنی جیاواز. لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا، لە فرۆکەخانەی هەولێر ئاسایشێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی تر بریندار بوون شەهیدەکە ناوی (وڵات تاهیر)ە و تەمەنی ٣١ ساڵ و خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.
لە پارێزگای سلێمانییش زۆرترین هێرشی درۆنی خۆکوژ تۆمار کرا. سەرەتای هێرشەکان بۆ سەر گوندی زڕگوێزەڵە بوو، کە بارەگاکانی پێشووی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ٤ موشەک بۆردومان کران. لەو هێرشەدا پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی تر بریندار بوون.
لە سلیمانی سێ جار هێرش کرایە سەر نزیک هۆتێل تایتانیک و زیاتر لە ٦ جاریش هێرش کرایە سەر بارەگاکانی فەرماندەیی، بەڵام زۆربەی درۆنەکان بە تەقەی هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە تێکشکێنران.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" کە لە هێرشەکاندا زیانی مرۆیی نەبوو. بەڵام دوای ئەم ڕاگەیاندنەش هێرشێکی تر تۆمار کرا".
هەر زوو گروپێکی شیعی نزیک لە بەرەی مقاومە بە ناوی گرپی ( سەرایا ئەولیا دەم )بەرپرسیارێتی هێرشەکانیان گرتە ئەستۆ و ڕایگەیاند کە ئەوان بوون ئەم هێرشانەیان ئەنجام داوە.