مەسعود بارزانی هۆشداری دەداتە گروپەکانی "موقاوەمە" و سنوورێک بۆ دانبەخۆداگرتن دادەنێت

مەسعود بارزانی لە پەیامێکی تونددا سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە ڕایگەیاند'' گەلی کوردستان هەمیشە خوازیاری ئاشتی و پێکەوەژیان بووە و تەنها کاتێک پەنای بۆ شەڕ بردووە کە بەسەریدا سەپێندراوە بۆ بەرگری لە مافەکانی، بەڵام لە ئێستادا جێگەی سەرسوڕمانە کە هەندێک گرووپ لەژێر ناوی "موقاوەمە" و بە بیانووی بێ بنەما هێرش دەکەنە سەر شوێنە سڤیلەکان و ژێرخانی ئابووری و بارەگاکانی پێشمەرگە.'' ئەمەش وەک شەڕفرۆشتن و دەستدرێژییەکی ئاشکرا بۆ سەر ئاسایشی هەرێم لەقەڵەم دەدات.

بارزانی جەختی لەوە کردەوە، پێشمەرگە هەرگیز زوڵم و زۆری لە هیچ لایەنێک قبووڵ نەکردووە و پێویستە هەمووان بزانن کە دانبەخۆداگرتنیش سنووری هەیە، بۆیە چیتر ناکرێ ڕێگە بدرێت ئەو گروپانە بەردەوام بن لە تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی هاووڵاتیان، هەر بەو مەبەستە داوای لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت "چوارچێوەی هەماهەنگی" کرد کە بە جددی بێنە سەر هێڵ و سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانە دابنێن چونکە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دەرئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ کەسوکاری شەهیدانی ئەو هێرشانە، بارزانی دڵنیایی دایە خەڵکی کوردستان کە بە هەموو توانایەکەوە کار دەکەن بۆ دوورخستنەوەی کوردستان لە شەڕ و نەهامەتی و پاراستنی ژیانی ئارامی هاووڵاتیان، دووپاتیشی کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان مانەوەی کوردستانە بە پارێزراوی و لە کۆتاییدا سەرکەوتن هەر بۆ گەلی کوردستان دەبێت و ڕێگە نادەن دەستکەوتەکان بکەونە مەترسییەوە.







PM:02:57:08/03/2026