بڕیارە سبەی دووشەممە یەکەم کاروانی ئاوارەکانی عەفرین لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بەرەو زێدی خۆیان بگەڕێنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش شاندێکی حکومی سووریا کە چەند بەرپرسێکی پارێزگای حەلەب و بەڕێوەبەری ناوچەی عەفرینی لەخۆگرتبوو گەیشتنە حەسەکە.
شاندەکە لەگەڵ پارێزگاری حەسەکە کۆبوونەوە تاوتوێی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمیان کرد کە لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" ئەنجام دراوە بە مەبەستی مسۆگەرکردنی گەڕانەوەیەکی ئارام و ڕێکخراو بۆ هاووڵاتییان.
سیامەند عەفرینی فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوا ڕایگەیاند'' یەکەم کاروان بەیانی ڕۆژی دووشەممە کاتژمێر ١٠:٠٠ لە "فلکەی پانۆراما" لە شاری حەسەکە بەڕێدەکەوێت و نزیکەی ٤٠٠ خێزان لەخۆدەگرێت.''
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانێکی ڕێکخراودایە کە دەوڵەت سەرپەرشتی دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە نەهامەتی ئەو ئاوارانەی ساڵانێکە لە کەمپەکاندا دەژین، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکاری بەردەوامی هاووڵاتییان کە هەمیشە خوازیاری گەڕانەوە بوون بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئەم گەڕانەوەیە دوای ئەوە دێت کە ئاوارەکانی عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨ و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی "چڵە زەیتون" ناچار بوون زێدی خۆیان جێبهێڵن و لەو کاتەوە لە کەمپەکانی شەهبا و شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ لە بارودۆخێکی گوزەرانی زۆر سەختدا ژیانیان بەسەر بردووە، ئێستا دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک بەسەر ئەو ئاوارەییەدا هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچەیە بە شێوەیەکی فەرمی و پارێزراو بگەڕێنەوە سەر زەوی و زاری خۆیان و کۆتایی بەو ژیانە پڕ لە مەینەتییەی ناو کەمپەکان بهێنرێت.