سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە پرسەی شەهید وڵات تاهیر ڕایگەیاند'' ئەو پەلامارانەی دەکرێنە سەر هەرێم هیچ پاساوێکیان نییە و تەنها لە ڕق و کینەیەکی زۆرەوە سەرچاوەیان گرتووە، داواشی لە حکومەت و پەرلەمانی فیدراڵ و هێزە سیاسییەکان کرد کە بە جددی بێنە سەر هێڵ و سنوورێک بۆ ئەو تاوانبارانە دابنێن کە تاوەکو ئێستاش لە ڕێگەی بەغداوە پارەدار دەکرێن و پڕچەک دەکرێن، چونکە بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە و بەفیڕۆچوونی خوێنی هاووڵاتییان بە هیچ جۆرێک قبوڵکراو نییە.''
مەسرور بارزانی، جەختی لەوە کردەوە، هەڵوێستی هەرێمی کوردستان هەمیشە دژی شەڕ و ئاژاوە بووە و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی کوردستان لەو گرژییانە بەدوور بگرن، بەڵام وەک ئاماژەی پێدا دانبەخۆداگرتنیش سنووری هەیە و نابێت ئەو تاقمە تیرۆریستییانە بە زۆر هەرێم ناچاری هەڵوێستی تر بکەن، چونکە ئەو ڕەفتارە دوژمنکارانەیەی ئێستا بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەکرێت هەرگیز لە یاد ناچێت و پێویستە ئەو لایەنانە بزانن کە تێکدانی ئاسایشی هەرێم دەرئەنجامی خراپی دەبێت.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا مەسرور بارزانی ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک مەترسی نییە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و ڕێگەش نادەن خاکەکەی ببێتە شوێنێک بۆ پەلاماردانیان، بەڵکو هەمیشە فاکتەری ئارامی بووە لە ناوچەکەدا، هاوکات داوای لە وڵاتانی دەوروبەر و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە چیتر پەلاماری ناڕەوا نەدەنە سەر ژێرخانی هەرێم و ناوچە سڤیلەکان و ڕێز لە سەروەری و ئاسایشی ناوچەکە بگرن بۆ ئەوەی پێکەوەژیان و سەقامگیری بەردەوام بێت.
سەبارەت بە کێشەی کارەباش مەسرور بارزانی ڕوونی کردەوە کە گرفتەکە پەیوەندی بە کەمبوونەوەی بەرهەمی ئەو کۆمپانیایانەوە هەیە کە نەوت و گاز بەرهەم دەهێنن بەهۆی بارودۆخی شەڕ و فشارەکانەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشەکە لە لایەن حکومەتەوە نییە و هەر کاتێک فشارەکان لەسەر کۆمپانیاکان کەمبووەوە دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە، بەمەش دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ چارەسەرکردنی گرفتە خزمەتگوزارییەکان و پاراستنی ژیانی ئاسایی خەڵکی کوردستان.