قوباد تاڵەبانی: یەکێتی نابێتە بەشێک لە جەنگ و ئامادەیە بۆ چەسپاندنی ئاشتی

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە سەردانێکیدا بۆ مەڵبەندی سلێمانی ڕایگەیاند'' ئەوان بە هیچ شێوەیەک نابنە بەشێک لەو جەنگ و ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا هەن و لایەنگری هیچ بەرەیەک ناکەن، بەڵکو هەڵوێستی فەرمییان پشتگیریکردنی ئاشتییە و ئامادەن وەک بەشێک لە چارەسەری کێشەکان ڕۆڵ بگێڕن.''

 ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پاراستنی سەقامگیری و دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لە مەترسییەکانی پێکدادانی سەربازی.

سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی شارەکە قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوە کرد، بەرنامەیەکی تۆکمەیان هەیە بۆ پێشخستنی سلێمانی لە هەموو بوارەکاندا و دەیانەوێت سوود لەو دەوڵەمەندییە کلتووری و ڕۆشنبیرییە وەربگرن کە شارەکەی پێ دەناسرێتەوە، بۆیە لە قۆناغی داهاتوودا گرنگییەکی تایبەت بە چالاکییەکانی گەنجان و کایە مەعریفییەکان دەدەن، چونکە پێیان وایە پەرەپێدانی مرۆیی و کلتووری بنەمای سەرەکیی گەشەکردنی کۆمەڵگەیە.

لە لایەکی ترەوە باسی لە ناوماڵی یەکێتی کرد و جەختی کردەوە کە دۆخی ناوچەکە نابێتە ڕێگر لەبەردەم چاکسازییە ناوخۆییەکانی حزبەکەیان و دەیانەوێت پێکهاتەی یەکێتی بە جۆرێک ڕێکبخەنەوە کە لەگەڵ چاوەڕوانییەکانی جەماوەر بگونجێت، گۆڕانکارییەکانیش تەنها گۆڕینی کەسەکان نییە بەڵکو ئامانج لێی نوێکردنەوەی شێوازی کارکردن و گۆڕینی ئەرکەکانە بۆ ئەوەی باشتر خزمەتی خەڵک بکرێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ کادیرانی مەڵبەند دووپاتی کردەوە کە هەر هەڤاڵێک لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە گەیاندنی سیاسەتی یەکێتی بە ناو خەڵک و پێشکەشکردنی زۆرترین خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان، چونکە پێوەر بۆ مانەوە لە پۆستەکاندا سەرکەوتنە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان بە باشترین شێوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ بەهێزکردنەوەی پەیوەندی نێوان حزب و کۆمەڵگە لەسەر بنەمای کارکردنی مەیدانی.






PM:05:13:08/03/2026