بافڵ تاڵەبانی: چاوەڕێین ئاڵۆزییەکان لە کوردستان دوور بخرێنەوە


سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی لە بارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و هێرش و بۆردومانەکان بۆ سەر پارێزگای هەولێر و سلێمانی بڵاوکردوەتەوە  و دەڵێت "لە دوای قسەکانی سەرۆک ترەمپ و سەرۆک پزیشکییان چاوەڕوانین کە ئاڵۆزییەکان لە هەرێمی کوردستان دووربخرێنەوە".

یەک شەممە، ٨ ئادار ٢٠٢٦، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند " هەرێمی کوردستان چەند شەوێکی ناخۆشی بەڕێکرد، سوپاستان دەکەین بۆ خۆڕاگری و تێگەیشتنتان لە ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکەمانی پێدا تێدەپەڕێت، هەر ئەوەش چاوەڕێ دەکرێت لە خەڵکە ئازا و خۆشەویستەکەمان، ئێمە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا سەرجەم هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان خستووەتەگەڕ، لە ئاستی باڵا لەگەڵ سەرکردەکانی ئێران، ئەمریکا و تورکیا قسەمان کردووە بەمەبەستی پاراستنی کوردستان لەم بارودۆخە".

سەبارەت بەو گروپانەی هێرش دەکەنە سەر هەرێم بافڵ تاڵەبانی وتویەتی "ئێمە ناوی هەندێک لەو کەس و لایەنانەمان داوەتە بەغداد، کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، چاوەڕوانی بەغدادین کە هەنگاوی جددی بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بنێت، من دەزانم هاوڕێکانمان لە بەغداد هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ بەرگرتن لە ئاڵۆزی زیاتر، بەڵام ئەگەر رێکار نەگیرایە بەر، ئەوا ئێمە خۆمان مامەڵەی لەگەڵ دەکەی".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی یەکێتی دەڵێت "عێراق وڵاتێکی خاوەن شارستانیی مەزن و مێژوویەکی تایبەتە، دەبێت هەموو هەوڵە شارستانییەکانیش بۆ سەقامگیری و ئاشتی هەر لەم ناوچەیەوە بن".

شەوی ڕابردوو (٧ ئادار ٢٠٢٦) هێرشێک بە ٩ درۆن بۆ هەولێر و ٦ درۆن بۆ سلێمانی دەستیپێکرد و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە لە سلێمانی و کارمەندێکی فڕۆکەخانەی هەولێر شەهید بوون. 




PM:09:10:08/03/2026