وەزارەتی دارایی: پارەی مووچە بە تەواوی گەیشت

بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دوایین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی شوبات خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتیەکەیان و ئەمڕۆش خشتەی دابەشکردنی بڵاودەکەنەوە.

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٩٥ ملیار و ٤٠٥ ملیۆن دینار وەک دواین گوژمەی پارەی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

ڕوونیشیکردەوە کە هەر ئەمڕۆ دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، خشتەی مووچە ڕادەگەیەنرێت و دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.

وەزارەتی دارایی ڕاشیگەیاند، بۆ ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بڕی ١٦ ملیار و ١٠٧ ملیۆن و ٨٨١ هەزار دیناری لە پارەی مووچەی مانگی شوبات نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

هەروەها دەڵێت: وەزارەتی دارایی "بەداخەوە بڕی ئەو ٣٦ ملیار و ٣٦٠ ملیۆن و ٨٦٤ هەزار دینارەشی خەرج نەکردووەتەوە کە مانگی ڕابردوو لە پارەی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵی بڕیبوو کە شایستەی ساڵی ڕابردووی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی و کەمئەندامانی سەنگەر بوو، سەرەڕای ئەوەی لەڕێی نووسراوی فەڕمی و ناردنی تیمی تەکنیکیەوە ڕونکردنەوەی پێویستیشمان پێدابوون و داوای خەرجکردنی ئەو شایستانەمان کردبوو”.




AM:11:54:09/03/2026