ئێران رێگری دەکات زیندانیانی سیاسی چاویان بە کەسوکاریان بکەوێت

‌شەریفە محەمەدی- زیندانی سیاسی

هەڵمەتی بەرگری لە شەریفە محەمەدی ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە ڕێگریکردن لە چاوپێکەوتنی زیندانیانی سیاسی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "شەریفە محەمەدی زیندانیی سیاسیی سزادراو بە سزای لەسێدارەدان لە زیندانی لاکانی ڕەشت لەگەڵ ژمارەیەک لە زیندانیانیی سیاسیی دیکە لەلایەن بەرپرسانی گرتووخانەکە سەردانی خێزانەکانیان رەتکراوەتەوە".

دوو شەممە، ٩ ئادار ٢٠٢٦، هەڵمەتی بەرگری لە شەریفە محەمەدی رایگەیاند "ئەم ڕێوشوێنە لە نێوان پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە پارێزراوی و تەندرووستی زیندانییان، دڵەڕاوکێی قوڵی لای کەسوکارەکانیان و ڕایگشتی دروستکردووە، بەتایبەتی دوای گواستنەوەی بەشێک لە زیندانییان لە ماوەکانی رابردوودا و بەکارهێنانیان وەک قەڵغانی خۆیان".

٥ کانوونی یەکەم ٢٠٢٣، شەریفە محەمەدی خەڵکی شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی شاری ڕەشتی ئێران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بە بێ فەرمانی دادوەر لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیر کرا، دواتر بۆ زیندانی لاکانی ڕەشت گواسترایەوە، لە٥ـی تەممووزی ٢٠٢٤ بە تۆمەتی "یاخیبوون"سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، لە ١٦ـی ئابی ئەمساڵدا، لە لایەن لقی ٣٩ـی دادگای باڵای ئێران بڕیارەکە بە تەواوی پەسەند کرا، پاشان لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ سزای لەسێدارەدانەکەی هەڵوەشایەوە و سزاکەی بۆ ٣٠ ساڵ زیندانییکردن گۆڕا.




PM:03:19:09/03/2026