بەڕێوبەرایەتی گشتیی گومرگ لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی توندی لەبارەی ڕاگەیەندراوێکی گومرگەکانی عێراق بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لە وەرگرتنی ڕەسم و باجی کەلوپەلی خۆراک و دەرمان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل کرابوو.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوەڕۆکی بڕیارەکەی بەغدا سەبارەت بە گۆڕینی سیستەمی باج و بەکارهێنانی (البیان المسبق) بۆ ماوەی سێ مانگ، لەگەڵ ڕاستییەکان و ڕێکارە یاساییەکاندا ناگونجێت.
وەزارەتی دارایی هەرێم جەختی کردەوە کە ئەو هەنگاوەی گومرگی عێراق پێچەوانەی خاڵی هەشتەمی بڕیاری ژمارە ٥٦٩ی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵە، کە دەڵێت'' وەرگرتنی ڕەسمی گومرگی دەبێت لەو نووسینگانە بێت کە کاڵاکەی لێوە هاوردە دەکرێت.''
هەروەها ئاشکرایان کردووە کە حکومەتی فیدراڵ لەم بڕیارەدا هیچ جۆرە هەماهەنگییەکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکردووە و بە تاکلایەنە بڕیاری داوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە'' ڕێکارە گومرگییەکان لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل بە هەمان میکانیزمی پێشوو جێبەجێ دەکرێن و هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە.''
وەزارەت دڵنیایی دەداتە هەموو بازرگانان و کۆمپانیاکان کە پرۆسەی هاوردەکردن لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکانی هەرێمدا بەردەوام دەبێت و ڕێگری لە هەر تەمومژی و ئاستەنگێک دەکرێت.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی دارایی ئامانجی ئەم ڕوونکردنەوەیەی بۆ دڵنیاکردنەوەی ڕای گشتی و کەرتی بازرگانی گەڕاندەوە، تاوەکو بازاڕی دەرمان و خۆراک تووشی شڵەژان نەبێت. ئەوان داوایان کردووە کە بڕیارەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگیی هاوبەشدا بن بۆ ئەوەی خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی بگەیەنن و نەبنە هۆی دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم جموجۆڵی بازرگانیی نێوان هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراق.