دوای جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەروازە سنوریەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران جگە لە دەروازە باشماخ داخران، لە ڕاگەیاندراوێکیدا یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە لە "لە ئێستادا بڕیاری کردنەوەی دەروازە داخراوەکان دراوە".
سێ شەممە، ١٠ ئادار ٢٠٢٦، یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "رۆژی ٨ ئادار ٢٠٢٦، دەروازەی شوشمێ لە تەوێڵە کرایەوە، هەروەها سەرلەئێوارەی ٩ ئادار ٢٠٢٦، دەروازەی سەیرانبەنیش بەڕووی بازرگانیدا کرایەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا هەردوو دەروازەی حاجی ئۆمەران و پەروێزخانیش بکرێنەوە و دۆخەکە بە تەواوی ئاسایی ببێتەوە".
سەبارەت بە دەروازەی باشماخ کە هاتووچۆ تیایدا نەوەستاوە لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "لە ئێستادا لە دەروازەی باشماخەوە رۆژانە ٥٠٠ بارهەڵگر لە باری ترانزێت و کاڵای ئێرانی دێنە ناوەوە و رێژەکەش لە زیادبووندایە، بارەکانی ئێران زۆربەیان لە خواردەمەنی پێکهاتوون، وەک سەوزە، میوە، شیرەمەنی، جۆرەکانی خواردنەوەی غازی، شەربەت، نەستەلە و بسکیت، لەگەڵ چەندین کاڵای تر پێش دروستبوونی گرژییەکان هاوردە دەکران".
بە پێی زانیارییەکان لە دوای هەڵگیرسانی جەنگەوە بەرپرسەکانی ئێران هاتوچۆی گەشتیاریان بە تەواوی سنوردارکردوە و تەنها ڕێگا بەو هاوڵاتیانە دەدرێت لە هەرێمەوە بچنە ئێران کە هەڵگری ناسنامەی ئێرانی بن، هەروەها دەروازەی تەمەرچین- حاجی ئۆمەران، دەروازەکەیان لە رووی بازرگانیی ئاسایی و ترانزێتەوە بە رووی هەرێمی کوردستاندا داخستووە.