هەرچەندە سبەی پێنج شەممە دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو کۆتایی دێت، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە رێگای، نووسراوێکەوە کە ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی دەکەن داوا دەکەن پێش جەژن مووچەی مانگی ئادار بدرێت.
میدیایەکی نزیک پارتی بڵاویکردۆتەوە کە ئەو نوسراوەی فراکسیۆنەکە لە ١٠ی ئاداردا رادەستی محەممەد شیاع سوودانی کراوە، کاتێک لە بەغدا لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە.
نووسراوەکە بە ناوی فەرهاد ئەتروشی، وەک جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، رادەستی سوودانی کراوە و تێیدا داوا کراوە، رەزامەندی بدات بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێش هەردوو جەژنی رەمەزان و نەورۆز.