لە ساڵی ١٩٥١ لە گوندی شێران ـی سەر بەشاری کۆبانێ لە دایکبووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە سوریا تەواوکردوە، دواتر چوەتە تورکیا و توانیویەتی لە ساڵی ١٩٧٧ بڕوانامەی ئەندازیاری کیمیا لە زانکۆی تەکنیکی ئیستەنبوڵ بە دەست بهێنێت.
دوای تەواوکردنی زانکۆ بۆ ماوەیەک لە وڵاتی سعودیە کاری ئەندازیاری کردوە، بەڵام دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا و دەستی بە خەباتی سیاسی کردوە.
لە ساڵی ٢٠٠٣ یەکێک دەبێت لە دامەزرێنەرانی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) و لە ساڵی ٢٠١٠ تا ٢٠١٧ هاوسەرۆکی ئەو پارتە بوە.
لە ساڵی ٢٠١١وە وەک دیپلۆماتکارێکی دیاری کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ناسرا و ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە دروستکردنی بەڕێوبەری خۆسەری باکور و خۆرهەڵاتی سوریا.
لە کاتی شەڕی داعش کوڕەکەی بە ناوی شێڤان کە شەڕڤانی یەپەگە بوو لە شەڕدا شەهید بووە.
لە ساڵی ٢٠١٣ تا ساڵی ٢٠١٥ چەند جارێک سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لەسەر دۆخی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان کۆبوەوە.
لە ساڵی ٢٠١٨ تورکیا ساڵح موسلیمی کردە "لیستی تیرۆرەوە" و لە هەمان ساڵدا بۆ ماوەیەک لە وڵاتی چیک دەستگیرکرا، بەڵام بە هۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ئازاد کرا.
ساڵح موسلیم لە سەرەتای کاری سیاسیەوە تا کۆتا وێستگەی ژیانی بە کەسێکی ئارام وسیاسی کە خاوەن زمانێکی دیپلۆماسیە دەناسرا، کە کاریگەری لەسەر پێگەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان هەبوە، بۆیە ناسناوی "باڤێ وڵات" ی لە ناو خەڵکی ڕۆژئاوادا پێدراوە.
ئەم کەسایەتییە سیاسیەی کورد لە تەمەنی ٧٥ ساڵی بە هۆی نەخۆشیەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر ١١ ئادار ٢٠٢٦ کۆچی دوایکرد.