ئەمریکا لە عیراق: گروپە چەکدارەکان هێرش دەکەنە سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان

‌ئەرشیف، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە بەردەوامی هێرشەکانی ئێران و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان و عیراق و دەڵێت "ئێران و میلیشیا تیرۆریستییەکانی نزیک لەو وڵاتە رەنگە پلانیان هەبێت بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانی نەوت و وزەی خاوەن ئەمریکی لە عێراق".

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، چوار شەممە، ١١ ئادار ٢٠٢٦، هۆشداری دەداتە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی کە ئەگەری هەیە ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە، ژێرخانی وزەی عێراق و هەرێمی کوردستان بکەنە ئامانج و رایگەیاند " ئەو گرووپانە بەردەوامن لە دروستکردنی هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر سەلامەتیی گشتی".

باڵیۆزخانەکە هاوڵاتیانی ئەمریکی ئاگادار دەکاتەوە کە بە وریایەوە مامەڵە بکەن و وتویەتی "کۆبوونەوە لەو ناوچانەی پەیوەندییان بە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە هەیە، رەنگە مەترسی بۆ سەر ژیانتان دروست بکات، چونکە ئەمریکییەکان رووبەڕووی مەترسیی رفاندن و هێرش دەبنەوە".

شەممە، ٢٨ شوبات ٢٠٢٦ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی باڵای ئێران کوژران و هێرشەکانیش بەردەوامن لە بەشێکی زۆری ناوچە و شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ سەر بنکە و ناوەندە ئەمنییەکان،  ئێرانیش بەردەوامە لە وەڵامدانەوەی هێرشەکان و یەکێک لەو ناوچانەی بوەتە ئامانج هەرێمی کوردستانە. 




AM:12:23:12/03/2026