پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) بە بۆنەی کۆچی دوایی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشوی پارتەکە پەیامێکی سەرخۆشی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "میراتی تێکۆشانی وەک چرایەکی ڕێنوێنی دەمێنێتەوە کە بەردەوام ڕێگای بەرخۆدان ڕۆشن دەکاتەوە".
پارتی یەکێتی دیموکراتیک، چوار شەممە، ١١ ئادار ٢٠٢٦، رایگەیاند "پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی بەڕێزیان و هەڤاڵان و سەرجەم گەلانی کوردستان دەکەین. کۆچی دوایی ئەو خەسارەتێکی گەورەیە، بەڵام میراتی تێکۆشانی وەک چرایەکی ڕێنوێنی دەمێنێتەوە کە بەردەوام ڕێگای بەرخۆدان ڕۆشن دەکاتەوە".
لە کۆتایی پەیامەکەدا پەیەدە وتویەتی "بەڵێن بە گەل و هەڤاڵانمان دەدەین لەسەر ئەو ڕێگایەی کە بونیادی ناوە بەردەوام بین و درێژە بە تێکۆشانەکەی بدەین تا دەگەینەوە ئەو ئامانجەی کە باوەڕی پێی هەبوو و بجەنگین لەپێناویدا".
چوار شەممە، ١١ ئادار ٢٠٢٦، سیاسەتمەداری دیاری کوردستان ساڵح موسلیم، بە هۆی نەخۆشیەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
هەر یەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی یەکێتی، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عیراق، بزوتنەوەی گۆران، عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست، دەم پارتی لە باکوری کوردستان، پەیامی سەرخۆشیان بڵاوکردوەتەوە.
ڕاگەیاندراوەکەی پەیەدە بەمشیوەیەیە:
"ساڵح موسلم، باوکی ولات، کە ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی دۆزی گەلەکەی و پاراستنی مافە ڕەواکانیان تەرخان کرد، ساڵانێک بەشداریی لە کاری سیاسی و ڕێکخستنی و لە بنیاتنانی بەهاکانی تێکۆشان و ئازادییدا کرد، جێپەنجەیەکی گەورەی لە مێژووی پارتەکەمان و بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا بەجێهێشت. ناوی لە یادەوەریی هەڤاڵان و گەلەکەیدا وەک نموونەی فیداکاریی، تێکۆشان و قوربانییدان بۆ ئەو دۆزەی کە باوەڕی پێی هەبوو، دەمێنێتەوە.
وەک پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەی بەڕێزیان و هەڤاڵان و سەرجەم گەلانی کوردستان دەکەین. کۆچی دوایی ئەو خەسارەتێکی گەورەیە، بەڵام میراتی تێکۆشانی وەک چرایەکی ڕێنوێنی دەمێنێتەوە کە بەردەوام ڕێگای بەرخۆدان ڕۆشن دەکاتەوە.
لە کاتێکدا ماڵئاوایی لەم کەسایەتییە مەزنەی تێکۆشان دەکەین، بەڵێن بە گەل و هەڤاڵانمان دەدەین لەسەر ئەو ڕێگایەی کە بونیادی ناوە بەردەوام بین و درێژە بە تێکۆشانەکەی بدەین تا دەگەینەوە ئەو ئامانجەی کە باوەڕی پێی هەبوو و بجەنگین لەپێناویدا.
ڕۆحی شاد بێت، یادی هەمیشەیی بێت.”