سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی العربیە و الحدپ سەبارەت بە پرسی دانوستاندنەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران و جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەڵێت "ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی داوای هیچ دانوستانێکی لە حیزبی دێموکرات نەکردووە".
مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بارەی قسەکردنی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی وڵاتانی ئەوروپا ڕایگەیاند " ئێمە لە ڕابردوو و ئێستاش لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکا لە ڕێگای نوێنەرانمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە بیروڕامان گۆڕیوەتەوە لەسەر بابەتەکانی جیاوازی سیاسی قسەمان کردوە".
مستەڤا هیجری هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە هۆکاری هەڵەی چەند ساڵەی ئێران دەبینێت و وتویەتی"ئەوەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێرانیان دەست پێکرد لە هەموو کەس ڕوونە، بەڵام ئەم هێرشانە هەر لە خۆرا دەستیان پێ نەکردوە، بەڵکوو ئاکامی کردەوەکانی نزیک بە چل و حەوت ساڵی ئەو ڕێژیمەن. ئەو ڕێژیمە هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی، دەستی بەسەر باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران داگرت و هەموو پێرسونێلی ئەو باڵیۆزخانەی بۆ ماوە ٤٤٤ ڕۆژ بە بارمتە گرت، لەو کاتەوە تا ئێستاش دژایەتی لەگەڵ ئەمریکای درێژە داوە. هەر لەو کاتەشەوە بڕیاری لەنێوبردنی ئیسرائیلی داوە و بە کردەوەش هێزە نیابەتییەکانی خۆی لە دەوری ئیسرائیل پڕ چەک کردوە و بازنەیەکی ئاگرینی پێک هێناوە. کۆماری ئیسلامی تەنانەت هەڕەشە و هێرشەکانی تا ئێستا لەسەر وڵاتانی کەندوایش بەردەوام بووە و زۆر هێرشی کردووەتە سەریان، هەروەک دەبینین لەم شەڕەشدا بە بیانووی هێرش بۆ سەر بنکە و دامەزراوەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانەدا، زۆر شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلیشی کردووەتە ئامانج".
سکرتێری حزبی دیموکرات سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆسەر وڵاتانی عەرەبی دەڵێت "لە کاتێکدا کە زۆربەی ئەو وڵاتانە دژی هێرشی ئەمریکا بوون و تەنانەت نێوانگیرییان کردووە لە نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. وڵاتانی ڕۆژئاوا دەیان ساڵە لەگەڵ ئێران مدارایان کردووە و حەولیان داوە کە ئەو سیاسەتە شەڕئەنگێزانەی بگۆڕن، بەڵام ئەو ڕێژیمە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر پێداگر بووە لەسەر درێژەدانی سیاسەتی خۆی، بۆیە ئەو هێرشانەی کرانە سەر کۆماری ئیسلامی دەرهاوێشتەی ئەو سیاسەتەن و چاوەڕوانکراو بوون".
"ئێمە پشتیوانی لە شەڕ ناکەین و لایەنگری ئەوەین ناکۆکییەکان لە ڕێگای دیالۆگ چارەسەر بکرێن، بەڵام کاتێک بە دیالۆگ نەکرێ ڕێگەچارە بۆ ناکۆکییەکان بدۆزرێتەوە، شەڕ وەک دوابژاردە دێتە ئاراوە" مستەفا هیجری وا دەڵێت.
لە وەڵامی پرسیارەکانی تا چەند ئامادەی ئەم شەڕەن؟ ئایا ئۆپەراسیۆنی زەمینی دژی ئێران دەست پێ دەکەن؟ مستەفا هیجری ڕایگەیاند "ئەمریکا و ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە شەڕەکەیان بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم نییە، خەڵکی ئێرانیش لە ترسی سەرکوت و کوشتاری بێبەزەییانەی ڕێژیم ، هەروەک لە ٧ و ٨ فێورییەی ئەمساڵدا بینیمان زۆر بە زەحمەتە لانیکەم لە کورتماوەدا بتوانن بە هاتنە سەرشەقام ڕێژیم بڕووخێنن، بەڵام لە داهاتوودا ڕووداوێکی ئەوتۆ چاوەڕوانکراوە".
لە کۆتایدا سکرتێری حزبی دیموکرات دەڵێت "حکوومەتی ئێران حکوومەتێکی دیکتاتۆرییە کە لەسەر بنەمای ئایینی شیعەی دوازدە ئیمامی ویلایەت فەقیهی دامەزراوە و، هەموو داهاتی وڵاتێکی دەوڵەمەندی ئێرانی لە ڕێگای ئایدولۆژی خۆی بەکارهێناوە، لە کاتێکدا دانیشتووانی ئێران لە هەموو خزمەتگوزارییەک بێبەشن سامانی گشتی وڵات بۆ پڕچەککردن و بەهێزکردنی هێزە نیابەتییەکان، پەرەدان بە پیتاندنی یۆرانیوم بە مەبەستی دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و پەرەدان بە تێرۆریزم بەکار دێنێ، دەستی بەهەر جێگایەک بگا برسیتی، شەڕ، دووبەرەکی پێکدەهێێنێت".