ئەو هاوڵاتیانە ئاگادار دەکرێنەوە کە دیمەنی هێرشەکان بۆ سەر هەرێم بڵاودەکەنەوە

‌ساتی بەرپەچدانەوەی درۆنەکان لە ئاسمانی هەولێر

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی هێرشە درۆنییەکان بڵاوکردوتەوە و دەڵێت " نزیکبوونەوە لەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، یان وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی دیمەنەکانیان، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە".

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێنج شەممە، ١٢ ئادار ٢٠٢٦، رایگەیاند "ئاگاداری سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندنی (ناوخۆیی و بیانی) و هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەینەوە، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و رێگریکردن لە هەر لێکەوتەیەکی نەرێنی، پێویستە هەمووان پابەندی ڕێنماییەکان بن".

فەرمانگەکە بە سێ خاڵ ڕێنماییی هاوڵاتیان و میدیاکان دەکات:

یەکەم: هەر کەسێک ڤیدیۆی کەوتن یان ئاراستەکردنی درۆن بگرێت، با تەنیا بۆ ئەو ژمارانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێدراوە بنێردرێت.
٠٠٩٦٤٧٥١٥٠٤٨٠٠٧
٠٠٩٦٤٧٥٠١٥٥٨٧٨٨
چونکە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە بدرێتە میدیاکان، یان لە پەیج و هەژماری کەسی بڵاوی بکاتەوە. بە پێچەوانەوە، سەرپێچیکار رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.

دووەم: نزیکبوونەوە لەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، یان وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی دیمەنەکانیان، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

سێیەم: دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەبێت بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە، مامەڵە بکەن و شوێنی ڕووداوەکان ئاشکرا نەکەن، هەر کەناڵێک پابەند نەبێت، ڕێکاری یاسایی توندی لە بەرامبەر دەگیرێتە بەر.

لای خۆشیەوە ئاسایشی گشتی پارێزگای هەولێر لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت "ئاگاداری هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەینەوە کە هەر هاوڵاتیەک گرتەڤیدیۆی کامێراکانی چاودێری شوێنی ڕووداوەکان بڵاو بکاتەوە رێکاری یاسای بەرامبەر دەگرینە بەر و خۆی بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر بە یاسا".




AM:12:37:13/03/2026