بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم کەشی پێشبینیکراوی ٤٨ کاتژمێری داهاتوو بڵاودەکاتەوە، باران و هەورەبرووسکە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەگرێتەوە.
بۆ ئەمڕۆ هەینی، ئاسمانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لەنێوان پەڵەهەور و نیمچەهەوردا دەبێت، بەڵام لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە گۆڕانکاری بەسەر کەشەکەدا دێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕوان دەکرێت لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم نمەباران و بارانی مامناوەند بە شێوەی پچڕپچڕ ببارێت و لە هەندێک کاتدا هەورەبرووسکەی لەگەڵدا بێت. خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت و پلەکانی گەرما لە ئاستی تۆمارکراوەکانی دوێنێدا جێگیر دەبن.
سەبارەت بە ڕۆژی شەممە، کاریگەری شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لە ناوچەکە دەکات و ئاسمان لە نیمچەهەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو. لە کاتی نیوەڕۆوە سەرەتا بە نمەباران دەست پێ دەکات و پاشان کاریگەرییەکەی زیاد دەکات، بە شێوەیەک کە بارانبارین سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بەردەوامی دەبێت.
بەهۆی دابارینەوە مەودای بینین کەم دەبێتەوە بۆ نێوان ٥ تا ٧ کیلۆمەتر و ئاراستەی با بەرەو باکووری خۆرهەڵات دەبێت.
لە ڕووی گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرماوە، پێشبینی دەکرێت ڕۆژی شەممە پلەکانی گەرما بە بڕی ١ تا ٣ پلە دابەزین بەخۆیانەوە ببینن بەراورد بەو پلانەی ئەمڕۆ تۆمار دەکرێن.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر ١٧ پلەی سیلیزی
پیرمام ١٢ پلەی سیلیزی
سۆران ١٣ پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران ٢ پلەی سیلیزی
سلێمانی ١٤ پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ ١٦ پلەی سیلیزی
دهۆک ١٧ پلەی سیلیزی
زاخۆ ١٧ پلەی سیلیزی
هەڵەبجە ١٧ پلەی سیلیزی
گەرمیان ١٩ پلەی سیلیزی