سەرۆک کۆماری عیراق سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێم دەکات


سەرۆکایەتی کۆماری عێراق راگەیاندراوێکی سەبارەت بە سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق کرد و دەڵێت "بە ئامانجگرتنی ئەو شوێنە گرنگانە، سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە لاواز دەکات".

هەینی، ١٣ ئادار ٢٠٢٦، سەرۆکایەتی کۆماری عیراق رایگەیاند "سەرۆکایەتیی کۆمار سەرکۆنەی ئەو جۆرە دەستدرێژییانە دەکات کە پێگەی گرنگ، دامەزراوەی سڤیل و بارەگای هێزە ئەمنییەکانی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق کردە ئامانج، بەتایبەت لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانیی لە هەرێمی کوردستان".

لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا هاتووە "لەم دۆخە هەستیارەدا پێویستیی زۆر بە یەکگرتوویی نیشتمانی، بەهێزکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵەنگارییەکانی ئێستا".

لە ٢٨ شوبات ٢٠٢٦وە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکردوە، زیاتر لە ٢٨٠ درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان.





PM:03:10:13/03/2026