لە هێرشێکدا دوو پێشمەرگە شەهیدبوون


کەمێک لەمەوبەر ‌هێرشکرایە سەر بنکەیەکی پێشمەرگەکانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و بە هۆیەوە دوو پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەیەکیش برینداربوون.

هەینی، ١٣ ئادار ٢٠٢٦، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بڵاویکردەوە " هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشیان کردە سەر هێزی شەهیدانی یەکشەوە"ـی سازمانەکەیان و بە هۆیەوە دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی ئیقبال ساڵحپوور و فەخرەدین مورادی شەهیدبوون.

هەر بە پێی راگەیاندراوەکەی ئەو سازمانە ژمارەیەک پێشمەرگەش برینداربوون کە تا ئەم کاتە ژمارەکەیان ئاشکرا نەکراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند هێرش کراوەتە سەر کەمپی ئازادی لە کۆیە "هێرشەکە بە پێنج درۆن و دوو مووشەک کراوە. درۆنەکان لە کەمپەکە کەوتوونەتە خوارەوە و مووشەکەکانیش لە چۆڵەوانییەکان کەوتوون و زیانی گیانی نەبووە"، لە هەمان ڕۆژدا و لە هێرشیكی دیکەدا هێزەکانی پێشمەرگەی سەر بە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە دۆڵی ئاکۆیان لە سنوری هەولێر کرایە ئامانج و بە پێی زانیارییەکان زیانی گیانی نەبوە.

لە ٢٨ شوبات ٢٠٢٦وە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکردوە، زیاتر لە ٢٨٠ درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان.

وێنەی ئەو دوو پێشمەرگەیەی شەهیدبوون: 






PM:07:02:13/03/2026