هاوپەیمانی هێزەکانی رۆژهەڵات داوای هەڵوێست لە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی دەکەن


هاوپەیمانی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەمبەر هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان داوا دەکەن کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی هەڵوێستی هەبێت.

لە راگەیاندنێکدا کە رۆژی ١٣ ئادار لەلایەن هاوپه‌یمانیی هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی کوردستانی ئێرانەوە راگەیاندرا دەڵێن"هەرێمی کوردستانی عێراق لە سەرەتای شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیلەوە هەتا ئێستا سەدان جار بە مووشەک و دڕۆن هێرشی کراوەتە سەر. لەو نێوەدا بنکەکانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئیران و کەمپە مەدەنییەکانی ئەم حیزبانەش لە هەرێمی کوردستان بەئامانج گیراون کە لە تازەترینی ئەو هێرشانەدا پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە ناوی ئۆمید وەیسی و دوو پێشمەرگەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بە ناوی فەخرەدین مورادی و ئیقباڵ ساڵحی شەهید بوون".

لە درێژەی راگەیاندنەکەدا هاتووە " هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە توندی دەستدرێژی و  هێرشە مووشەکی و دڕۆنییه‌کانی کۆماری ئیسلامی و گرووپ و تاقمه‌ تێرۆریستییەکانی سه‌ر به‌و ڕێژیمه‌ بۆ سه‌ر  هه‌رێمی کوردستان و به‌ئامانج گرتنی شوێن و جێگەی ژیانی سڤیلی پەنابەرانی کوردستانی ئێران نیشتەجێ لە هەرێم و هەروەها هێرش بۆ سەر کۆنسوولخانە و بارەگای سیاسیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بە توندی مەحکووم ده‌کات". 

لە کۆتایی راگەیاندنەکەدا هاتووشە " داوا له‌ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات دژی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌کانی ئه‌م ڕێژیمه‌ و میلیشیاکانی هەڵوێستی بەکردەوەی هەبێت".





AM:01:01:14/03/2026