میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە،" کە لە ئەنجامی بۆردومانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ماڵێک لە شارچکەی ئەیوانی سەر بە پارێزگای ئیلام، شەش ئەندامی خێزانێک کە یەکێکیان منداڵێکی ساوا بووە، گیانیان لە دەستداوە".
ئەمڕۆ شەممەی ١٤ی ئاداری ٢٠٢٦ ، تاجەدین ساڵحیان، جێگری پارێزگاری ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر شوێنێکی نیشتەجێبوون لە شاری ئەیوان ٦ ئەندامی یەک خێزان کوژران."
تاجەدین ساڵحیان ئاماژەی بەوەشکرد "لە ناو ئەو خێزانەی کوژراون منداڵێکی تەمەن شەش مانگ هەیە."
بە وتەی تاجەدین ساڵحیان، هەموو خێزانەکە لە ژێر داروپەردووی خانووەکە ماون و تیمەکانی فریاکەوتن سەرقاڵی دەرهێنانی تەرمەکانیانن.
بە گوێرەی زانیارییەکان ئامانجی هێرشەکە زاوای ئەو بنەماڵە بووە کە بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسدارانە و دوێنێشەو لە تارانەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئیلام .
بەپێی میدیای ئێران، لە ماوەی ١٥ رۆژی جەنگ تەنیا لە ئیلام ٦٠ کەس کوژراون و ٤ لە کوژراوانیش منداڵن.