فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند'' ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ئاداری ٢٠٢٦، بەپێی یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠٢٤ی پشووە فەرمییەکانی عێراق، لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمی دەبێت.''
ئەم پشووەش تایبەتە بە یادی قوربانییانی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس دژی گەلی کورد، بەتایبەت کارەساتی هەڵەبجە و شاڵاوەکانی ئەنفال و گۆڕە بەکۆمەڵەکان.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە هەرچەندە پشووی گشتییە، بەڵام دەوامی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بە شێوەی "ئێشکگری" بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی کاروباری پێویستی هاووڵاتییان پەکینەکەوێت، هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ئاداری ٢٠٢٦، دەوامی ئاسایی لە سەرجەم فەرمانگەکاندا دەست پێدەکاتەوە.
کیمیابارانی هەڵەبجە یان "جینۆسایدی هەڵەبجە"، یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکانی سەدەی بیستەم کە لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨دا لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە ئەنجامدرا، کاتێک فڕۆکە جەنگییەکان بە چەکی کیمیایی (گازی خەردەل و سارین) هێرشیان کردە سەر شارەکە و لە ماوەیەکی کەمدا بووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە پێنج هەزار مرۆڤی بێتاوان و برینداربوونی هەزاران کەسی دیکە.
ئەم هێرشە نەک تەنیا بووە هۆی لەناوبردنی ژینگەی ناوچەکە، بەڵکو تا ئێستاش لێکەوتە تەندروستییەکانی لەسەر بەشێک لە بریندارانی چەکی کیمیایی ماوەتەوە و ساڵانە گەلی کورد بە خەمناکییەوە یادی ئەم ڕۆژە دەکاتەوە، وەک هێمایەک بۆ مەزڵومییەتی نەتەوەکە و پێویستیی دادپەروەری بۆ قوربانییانی جینۆساید.