وەزارەتی پێشمەرگە تێوەگلانی هێزەکانی لە هێرشەکەی سەلاحەدین ڕەتدەکاتەوە

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە بەشداریی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن لە هێرشکردنە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین و ڕایگەیاند کە ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستی و تەنها پڕوپاگەندەی میدیایین.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هێزی پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لەو گرژی و ململانێ سەربازییانەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێن و بەشداری هیچ جۆرە کردەوەیەکی سەربازی دژ بە هیچ لایەنێک نەکردووە، بەڵکو وەک هێزێکی نیشتمانی دوورە لەو کێشمەکێشانە.

وەزارەتی پێشمەرگە ئەرکی سەرەکی هێزەکانی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە گەڕاندەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان پابەندن بە هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان، نەک تێوەگلان لە ململانێی ناوخۆیی و لاوەکی.



AM:12:00:15/03/2026