کەشناسی: شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لە هەرێم دەکات


بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی، شەپۆلێکی بارانبارین و هەورە تریشقە ڕووی لە ناوچەکە کردووە و بۆ ٤٨ کاتژمێری داهاتوو بەردەوام دەبێت.

کەشناسی ڕایگەیاند” شەپۆلێکی لێزمەباران و هەورە تریشقە ناوچەکە دەگرێتەوە کاریگەری ئەو شەپۆڵە بارانبارینەی ڕووی لە ناوچەکەمان کردووە بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە بەردەوامی دەبێت.” 

پێشبینی دەکرێت لە زۆربەی کاتەکاندا بارانی مامناوەند و لێزمەباران ببارێت بەتایبەت لە کاتەکانی ئێوارەدا کە بەهۆی زیادبوونی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاستەوە بارانەکە لە ناوچە شاخاوییەکان و ئیدارە سەربەخۆکانی وەک زاخۆ و سۆران و هەندێک ناوچەی تری هەولێر و دهۆک دەبێتە لێزمەبارانی بەخوڕ و هەورە تریشقە کە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی لێ دەکرێت.

لە درەنگانێکی شەو و بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەدا کاریگەری ئەم شەپۆڵە بە چڕی دەگاتە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین و بەشێک لە ئیدارەی گەرمیان و چڕترین ماوەی دابارین لەو ناوچانەدا دەبێت لە کاتێکدا لە سنووری هەولێر و دهۆک بارانەکە دەبێتە نمەباران و بارانی مامناوەند و پاشان لە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممەوە کاریگەری شەپۆڵەکە بەرەو لاوازبوون دەچێت و تەنها بە شێوەی نمەبارانی پچڕپچڕ لە هەندێک شوێن دەمێنێتەوە.

پلەکانی گەرما لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا نزم دەبنەوە و لە نێوان ٦ پلە لە ناوچە شاخاوییەکان و ١٦ پلە لە ناوچە گەرمەکاندا دەبن و هاوکات لەگەڵ بارانەکەدا هەورە تریشقە و ئەگەری تەزرە بارین لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە و لەسەر لووتکەی شاخە بەرزە سنوورییەکانیش بەفر دەبارێت و مەودای بینین لە کاتی داباریندا کەم دەبێتەوە بۆ نێوان ٧ تا ٩ کیلۆمەتر.

ئاراستەی با لە ماوەی ئەم ٤٨ کاتژمێرەدا لە گۆڕاندا دەبێت و خێراییەکەشی لە نێوان ١٠ بۆ ٢٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت کە بە گشتی وەک بایەکی مامناوەند و لەسەرخۆ هەژمار دەکرێت و پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژی دووشەممەدا پلەکانی گەرما کەمێک بەرزبوونەوە بەخۆیانەوە ببینن لە کاتێکدا ئاسمانی زۆربەی ناوچەکان بە هەوری و نیمچە هەوری دەمێنێتەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بەم شێوەیەیە
هەولێر ١٤ پلەی سیلیزی
پیرمام ١٠ پلەی سیلیزی
سۆران ١٠ پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران ٦ پلەی سیلیزی
سلێمانی ١٢ پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ ١٣ پلەی سیلیزی
دهۆک ١٤ پلەی سیلیزی
زاخۆ ١٤ پلەی سیلیزی
هەڵەبجە ١٣ پلەی سیلیزی
گەرمیان ١٥ پلەی سیلیزی





PM:12:04:15/03/2026