وەزارەتی سامانە سروشتەییەکان وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوە کە هەرێم تۆمەتبار دەکات


لە بارەی ناردنی نەوتی عێراق لە بۆری کوردستانەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان وەڵامی وەزارەتی نەوت دەداتەوەو دەڵێت " بابەتەکەیان شێواندووە و هەوڵی تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستانیان داوە بۆ چەواشەکردنی رای گشتی."

لە روونکردنەوەیەکدا کە شەوی ١٥ ی ئادار وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بڵاوی کردەوە، بە شەش خاڵ وەڵامی وەزارەتی نەوت دەداتەوەو کە هەرێمیان " تاوانبار کردووە " ڕێگا نادەن نەوتی عێراق لە بۆری کوردستانەوە بنێردرێت بۆ جیهان و لەوی بفرۆشرێت لە کاتێکدا کە رێگای ناردنی لە بەسرەوە بۆ کەنداو بەهۆی شەڕەوە داخراوە.

لە بڕگەیەکی روونکردەوەکەدا هاتووە " حکومەتی ئیستای بەغدا لە مانگی یەکەوە ئابلوقەیەکی خنکێنەری بە بیانووی جێگیرکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ڕێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانەکانی کوردستان بەردەست بێت و لەو کاتەوە، هیچ جوڵەیەکی بازرگانی نەماوە و ئامادە نیە کاتی پێویست بۆ هەرێم تەرخان بکات بو جێگیرکردنی سیستەمەکە، کە هەر لە سەرەتای ئەم قەیرانەوە داوامان کردووە".

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی هەرێمی کوردستان و عێراق

وەزارەتی نەوتی عێراق بەیاننامەیەکیان بلاوکردووەتەوە کە گوایا هەرێمی کوردستان ئامادە نیە نەوت بە ڕێگەی بۆڕی بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە بکات. بۆ ڕای گشتی ئەم خالانەی خوارەوە ڕوون دەکەینەوە:

١- ئەوەی ڕاستی بێت لە بەیانەکەدا هەموو ڕەهەندەکانی کێشەکە باس نەکراون و بابەتەکەیان شێواندووە و هەوڵی تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستانیان داوە بۆ چەواشەکردنی رای گشتی.

٢- حکومەتی ئیستای بەغدا لە مانگی یەکەوە ئابلوقەیەکی خنکێنەری بە بیانووی جێگیرکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ڕێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانەکانی کوردستان بەردەست بێت و لەو کاتەوە، هیچ جوڵەیەکی بازرگانی نەماوە و ئامادە نیە کاتی پێویست بۆ هەرێم تەرخان بکات بو جێگیرکردنی سیستەمەکە، کە هەر لە سەرەتای ئەم قەیرانەوە داوامان کردووە.

٣-میلیشیاکانی لە یاسا دەرچوو، هەموو کێڵگە و پالاوگەکانی نەوت وگاز و وزەی هەرێمیان کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامی ئەم هێرشە تیروریستیانەدا، بەرهەمهێنان وەستاوە و هیچ بەرهەمێکی نەوتی نەماوە لە کوردستان تا هەناردەی دەرەوە بکرێت.

٤- بەغدا ئامادە نیە ڕووبەڕووی ئەو هێرشە تیروریستیانە ببێتەوە کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و رێگرییان لێ بکات. تا ئێستا هیچ رێکارێکی کاریگەر بەدی ناکرێت بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە.

٥- بەشێکی زوری ئەم هێرشبەرانە لە بەغدا مووچە وەردەگرن و پڕچەک کراون و پارەدار دەکرێن، لە کاتێکدا کە مووچەی خەڵکی کوردستان هەمیشە دوا دەکەوێت و کەمتر لە گوژمەی پێویست دەنێردرێت.

٦- هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی خوی دەربڕیوە کە عێراق و هەرێمی کوردستان لەم قەیرانە دەرباز بکات و ئەمە چەندین جارە داوا لە بەغدا دەکەین گفتگۆیەکی بنیادنەر بوچارەسەری کۆی ئەم کێشانە دەست پێ بکرێت، بەڵام داواکاری ئێمە پشتگوێ خراوە و هەوڵ دراوە ئەجندای نادەستوری و نایاسایی لە سەر هەرێم بسەپێندرێت.

جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە کە ئامادەین بۆ ئەوەی هەرچی زووتر، تیمە بسپۆرەکان لە سەر ئەم خاڵانەی جێی ناکۆکین دانیشتن بکەن و بگەینە ئەنجامێکی خێرای وا کە هەموو عێراق لیێ سوودمەند بێت و کوردستانیش چیتر ستەمی لێ نەکرێت.
وەزارەتی سامانە سروشتیەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان




PM:08:46:15/03/2026