لە کۆبوونەوەیەکدا لە نیوان بەرپرسانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە هەولێر لەگەڵ میدیا ناوخۆییەکان و دەرەکییەکان، فەرمانگەکە کۆمەڵێک بریاری خۆی بە میدیاکاران راگەیاندووە، لەوانە: بە توندی قەدەغەیە ئەو ڤیدیۆیانە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن بنێردرێن یان لە ڕێگەی لاپەڕە کەسییەکانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکرێنەوە، و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبنەوە.
هەروەها " بە توندی قەدەغەیە نزیکبوونەوە لە شوێنە بەئامانجگیراوەکان، یان وێنەگرتنیان، یان بڵاوکردنەوەی هەر دیمەنێک کە پەیوەندی پێیانەوە هەبێت بە هەر شێوەیەک لە شێوەکان".
دەقی بڕیارەکانی فەرمانگەی میدیا وزانیارییەکان بۆ میدیا ناوخۆیی و بیانییەکان:
ڕاگەیەندراوێک لە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
سەرنجی سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و بیانی و هاووڵاتییانی بەڕێز ڕادەکێشین، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و ڕێگریکردن لە هەر لێکەوتەیەکی نەرێنی، پێویستە بەتەواوی پابەندی ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە بن:
یەکەم: داوا لە هەر کەسێک دەکرێت کە بە ڤیدیۆ ساتی کەوتنەخوارەوە یان هەڵدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان (drones)ی تۆمار کردووە، تەنها بۆ ئەم ژمارانەی خوارەوەی بنێرێت:
+964 751 504 8007
+964 750 155 8788
+964 750 252 2728
بەو پێیەی بە توندی قەدەغەیە ئەو ڤیدیۆیانە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن بنێردرێن یان لە ڕێگەی لاپەڕە کەسییەکانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکرێنەوە، و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبنەوە.
دووەم: بە توندی قەدەغەیە نزیکبوونەوە لە شوێنە بەئامانجگیراوەکان، یان وێنەگرتنیان، یان بڵاوکردنەوەی هەر دیمەنێک کە پەیوەندی پێیانەوە هەبێت بە هەر شێوەیەک لە شێوەکان.
سێیەم: پێویستە سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکانی ئێستادا بکەن، و شوێنە زیانپێکەوتووەکان ئاشکرا نەکەن، چونکە ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر هەر کەناڵێک دەگیرێتەبەر کە پابەندی ئەم ڕێنماییانە نەبێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری