داوا دەکرێت بەغدا دەست بەسەر نەوتی کەرکوکدا بگرێت

حیزبی تەقدوم لە بەیاننامەیەکدا داوای کۆنترۆڵکردنەوەی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک و نەینەوا لەلایەن حکومەتی بەغدا دەکات.

حیزبی تەقدوم، بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەلبوسی، لە بەیاننامەیەکدا داوای هەڵوێستێکی توند دەکات لە بەرامبەر ئەو مەرجانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دایناوە، و چەند پێشنیازێک دەخاتەڕوو بۆ ئەوەی لە کارنامەی حکومەتی داهاتوودا جێگیر بکرێن.

لە بەیاننامەکەدا، تەقدوم داوا دەکات حکومەتی فیدراڵی دەست بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی بەشێک لە ناوچەکانی کەرکوک و موسڵدا بگرێتەوە و بیانخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی.

هەروەها جەخت دەکاتەوە کە پێویستە بەغدا کۆنترۆڵی بۆریی نەوتی عێراق-جەیهان بکاتەوە، چونکە بە موڵکی کۆمپانیای نەوتی باکوور دادەنرێت. هاوکات داوای قەرەبووکردنەوە لەو لایەنانە دەکات کە بە "گرێبەستی نایاسایی" لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ئەو هێڵەیان بەکارهێناوە.

حیزبەکە داواشی کردووە کە ژێرخانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی تەواوکردنی هێڵی بەسرە-عەقەبە و خستنەوەگەڕی هێڵی بانیاسەوە بەهێزتر بکرێت.




PM:12:19:16/03/2026