تەرمی سەرۆک بەشی زانستی کۆمپیوتەر لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەدین لە پارێزگای هەولێر، بە سوتاوی لە ماڵی دایکیدا دۆزرایەوە و ئۆتۆمبێلەکەشی "دزراوە".
دوو شەممە، ١٦ ئادار ٢٠٢٦، بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر رایگەیاند "کاتژمێر ١٢:٢٠ خولەکی نیوەڕۆ لەلایەن هاووڵاتیان ئاگادارکراینەوە بە سووتانی ماڵێک لە گەڕەکی ئاری. تیمەکانی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر لەگەل بەشی رزگارکردن توانیان بەزووترین کات بگەنە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن".
"لەدوای گەیشتنی تیمەکان تەرمی کەسەکە دەرهێنراوە و پاشان رەوانەی پزیشکی داد کراوە" بەرگری شارستانی هەولێر وا دەڵێت.
کەسوکارەکەی بە میدیاکانیان وتوە "گومان دەکەین لەلایەن کەسێکەوە سووتێندرابێت، بەتایبەتی کە ئۆتۆمبێلەکەی لە شوێنی رووداوەکە نەماوە و دزراوە".
بە پێی زانیارییەکانی ئەو کەسەی تەرمەکەی دۆزراوەتەوە، ناوی دکتۆر دلێرە و تەمەنی ٥٥ ساڵە و باوکی دوو کچە. لە گەڕەکی مامۆستایان دەژیا، بەڵام ئەمڕۆ چووبووە ماڵی دایکی.