بافڵ تاڵەبانی: ئێستا کاتی بڕیاری تاک لایەنە نییە


سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "نابێت ئەو بڕیارانەی کە کاریگەرییان هەیە لەسەر چارەنووس و ژیانی گەلەکەمان، بە شێوەیەکی تاکلایەنە بدرێن".

دوو شەممە، ١٦ ئادار ٢٠٢٦، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆی یەکێتی رایگەیاند "لەم کاتەدا کە ناوچەکەمان رووبەڕووی گرژی و ناسەقامگیرییەکی سەخت بووەتەوە، نابێت ئەو بڕیارانەی کە کاریگەرییان هەیە لەسەر چارەنووس و ژیانی گەلەکەمان، بە شێوەیەکی تاکلایەنە بدرێن. حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی بنکەفراوانە، و دەبێت هەموو لایەنەکان بەگوێرەی ئەوە هەڵسوکەوت بکەن".

"ئێستا کاتی گرژی و ئاڵۆزی یان تۆمارکردنی خاڵی سیاسی نییە،  خەڵکەکەمان شایەنی ئەوەیە کە ژیانێکی سەقامگیری هەبێت و لەکاتی خۆیدا مووچەکانیان وەربگرن، ئێستا کاتی یەکڕیزییە لە بەرامبەر ئەو مەترسییە گەورانەی کە دەکرێت تووشمان ببن" بافڵ تاڵەبانی وا دەڵێت.

هەروەها سەرۆکی یەکێتی لە کۆتایدا وتویەتی "ئێمە پاڵپشتی لە دیالۆگی بنیاتنەرانە دەکەین لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە بەغداد و هەولێر بۆ پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عیراق، وە لەهەمانکاتدا دڵنیاشبین کە خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیانمان هەرگیز نەخرێتە مەترسییەوە".




PM:09:24:16/03/2026