د. سەردار عەزیز: دەبوو پارتی لە قەیرانی نەوتدا خیتابێکی باشتر و زیرەکانەتری هەبێت

دکتۆر سەردار عەزیز، توێژەر و شارەزای سیاسی، لە شیکردنەوەیەکدا بۆ دۆخی نوێی ململانێی نەوتی نێوان بەغدا و هەولێر، ڕەخنە لە شێوازی گوتاری سیاسی هەرێم دەگرێت و پێی وایە دەرفەتێکی زێڕین بۆ گوشار خەریکە لەدەست دەچێت.

سەردار عەزیز ئاماژە بەوە دەکات کە لەم بارودۆخە نوێیەی هاتووەتە ئاراوە، دەکرا هەرێمی کوردستان یان پارتی خیتابێکی سیاسیی باشتریان هەبێت بۆ ئەوەی سوودمەندی سەرەکی بن لە قەیرانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق. 

ئەو پێی وایە لەبری بەرگری، دەبوو هەرێم جەخت لەسەر "فرە سەرچاوەکردنی هەناردەی نەوتی عێراق" بکاتەوە و وەک دەسپێشخەرییەک ئامادەیی خۆی نیشان بدایە بۆ هاوکاری لە پێناو سوودمەندبوونی هەموو خەڵکی عێراق لە داهاتی نەوت، نەک تەنها لە ڕێگەی بەسرەوە.

بە بڕوای ئەم توێژەرە، دەبوو هەرێم لە کاتی گفتوگۆکاندا داواکارییەکانی وەک مووچەی فەرمانبەرانی تێکەڵی ئەم دۆسیە ستراتیژییە بکردایە، بەڵام ئێستا وێنەکە پێچەوانە بووەتەوە. لە کاتێکدا کە دەبوو هەرێم لە پێگەی بەهێزدا بێت ("داشی سوار بێت")، ئێستا ناچار کراوە تەنها ڕوونکردنەوە بدات و مێزەکەی بەسەردا هەڵگەڕاوەتەوە. ئەمە وای کردووە لایەنەکان لە بەغدا لەبری ئەوەی وەک بەرپرسیاری قەیرانەکە دەربکەون، دەرفەت بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لایەنی تر تاوانبار بکەن.

لە کۆتاییدا د. سەردار عەزیز جەخت دەکاتەوە کە هێزە شیعییەکان بەهۆی سیاسەتی تائیفییەوە نایانەوێت نەوت لە هیچ ڕێگەیەکی ترەوە جگە لە بەسرە هەناردە بکرێت، بەڵام بەهۆی لاوازی خیتابی سیاسی هەرێمەوە، ئێستا بەغدا بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت لایەنی تر (هەولێر) وەک تاوانبار نیشانی جەماوەرەکەی بدات. بە بڕوای ئەو، هەرێم و پارتی بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆبەخشانە چوونەتە ناو ئەو دۆخەی کە بەغدا بۆی دروست کردوون.




PM:01:36:17/03/2026