مەسرور بارزانی: ئێمە ڕێگرنین لە هەناردەکردنی نەوتی عێراق

‌کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی ئەمڕۆی سەرۆکی حکومەت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، کە تەنها میدیاکانی حزبەکەی ئامادەبوون، سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگای هەرێمەوە و هێرشەکانی سەر کوردستان و پرسی مووچەوە قسەی کرد.

سێ شەممە، ١٧ ئادار ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان لە هەموو کەسێک زیاتر پەرۆشی ئابووریی هەرێمی کوردستان و مووچە و بژێویی خەڵکین، ئێستاش دووپاتی دەکەینەوە لەگەڵ ئەوەین نەوت هەناردە بکرێ، هەرێمی کوردستان رێگر نییە، تەنیا داوای ئەوەی کردووە گەرەنتی هەبێت و بتوانین لە کێڵگەکانی خۆشمان نەوت هەناردە بکەین،  پێویستە بەغدا مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات و ئەو ئابڵووقەیەی هەیە لایبدات".

سەبارەت بە هێرشەکانی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت وتی " بەداخەوە بە مووشەک و درۆن پەلاماری کوردستان دراوە و ئەمە هیچ پاساوێک هەڵناگرێ، هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم شەڕە و داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین رێگری لەو هێرشانە بکات".

"حکومەتی فیدراڵی بەرپرسە لە راگرتنی هێرشی گرووپە لە یاسا دەرچووەکان، چونکە بەشێکیان مووچەخۆری حکومەتی عێراقن"، مەسرور بارزانی وا دەڵێت.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی ئەو کەسانەی بونەتە قوربانی و گیانیان لە دەستداوە بە هۆی بۆردومانەکانەوە دەڵێت "هەرچیمان پێ بکرێ دەیکەین بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان".




PM:06:48:17/03/2026