سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە، ١٧-٣-٢٠٢٦ لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە نائاساییەی رووبەڕووی وڵات بووەتەوە و ئەو بەرپرسیارێتییەی ئەرکی هەموومانە کار بکەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە، بڕیارمان دا لە زووترین کات دا، رێگە بدەین نەوت لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستاندا بڕوات".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ "بۆ ئەوەی بەپەلە ئەو رێگرییانەی خراوەتە سەر هاوردە و جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان هەڵبگیرێن".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ دابینکردنی گەرەنتی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز تا بتوانن بە سەلامەتی دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە.
لەبارەی رێککەوتنەکەش، مەسرور بارزانی دەڵێت، "سوپاس و پێزانینم بۆ هاوبەشە ئەمریکییەکانمان هەیە بۆ رۆڵ و پاڵپشتییان لەم پرۆسەیەدا".
بە پێی رێکەوتنەکە لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا هەناردەکردن دەگاتە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.