دەست بە هەناردە کردنی نەوتی کەرکووک کرا

وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووکیان لە رێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە بە بەندەری جەیهانی تورکیا ڕاگەیاند.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم، تیایدا هاتووە: لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەبەرچاوگرتنی ئەم بارودۆخە نائاساییەی كە ڕووبەرووی وڵات بووەتەوە، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە كاتژمێر ٦:٣٠، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەستی بە کارپێکردنی وێستگەی نەوتی سارالو بۆ گواستنەوەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بۆ وێستگەی فیشخابوور کرد تا لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان ڕەوانەی بەندەری جەیهانی توركی لەسەر كەنارەكانی دەریای ناوەڕاست بكرێت.

بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکاو ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران و بە ئامانج گرتنی کەشتییە نەوت هەڵگرەکان لە گەرووی هورمز، ئابووری عێراق دووچاری قەیران هاتووە و لەو چوارچێوەیەشدا حکومەتی عێراق بۆ قەرەبوو کردنەوەی بەشێک لەو پاشەکشەی لە هەناردەی نەوت هاتووەتە ئاراوە، داوای لە هەرێمی کوردستان کرد نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە بکات.



AM:10:45:18/03/2026