حکومەتی فیدراڵی دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عێراق خەرج بکرێت

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارنامەیەکی هەشت خاڵی لەبارەی پرسی نەوت و مووچە پەسند کرد ، تێیدا حکومەتی فیدراڵی پابەند دەکات بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی رێگەی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوت.

فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" لە دانیشتنەكەی شەوی رابردویدا كە تایبەتە بوو بە گفتوگۆكردن لەسەر هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی بۆری نەوتی جەیهانەوە، چەند بریارێكی دەركرد، یەكێك لە بریارەكانیش بریتیە لە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی سەرجەم پارێزگاكانی تری عێراق و دۆزینەوەی رێگای نوێ بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو".

داواش لە حكوومەتی فیدرال كراوە سیستمی ئەسیكۆدا لە هەموو شارەكان جێبەجێ بكات بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانەوە، و یاسای نەوت و غاز لە ماوەیەكی دیاریكراودا ئامادە بكات، هەروەها دووپاتی لە نۆژەنكردنەوەی هێڵی بۆری كەركووك-جەیهان كردەوە.

هەروەها، حكوومەتی فیدراڵی پابەندە بە دۆزینەوەی رێگایەك بۆ فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئەوەی دووربكەوێتەوە لە كاردانەوەی ئابووری كە دەتوانێت وڵات وێران بكات.



AM:11:19:18/03/2026