وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت کە دوو بارەگایان لە هەولێر و سلێمانی کراونەتە ئامانج و داوا لە سودانی دەکات رێوشوێنێ پێویست دژی بکەرانی بگیرێتە بەر.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە کە رۆژی چوار شەممە ١٨ ی ئادار بڵاوکرایەوە، هاتووە " دوو بارەگای یەکەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی کرانە ئامانجی هێرشی درۆنی، کە بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا سێ پێشمەرگەی قارەمان برینداربوون".
وەزارەتی پێشمەرگە جەختدەکاتەوە کە ئەم دەستدرێژییە " نابەرپرسانەیە" لە کاتێکدایە کە پێشتریش چەندین جار بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە ڕووبەڕووی بۆردومان بوونەتەوە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان لەو پێشێلکارییانە ئاگادار کردووەتەوە.
وەزارەت بە توندی سەرکۆنەی ئەم کردەوە "تیرۆریستیانە" دەکات و داوا لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکات؛ بە ئەرکی یاسایی خۆی هەستێت و سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە ناوخۆییانە دابنێت و پێویستە هەنگاوی خێرا و بەپەلە بنرێت بۆ ڕێگریکردن لەو گروپە " لەیاسا دەرچووانە بۆ دووبارە نەکردنەوەی ئەم کردەوانە کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە."
شەوی سێ شەممە چەند جارێک هێرشکرایە سەر هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی، وەک وەزارەتی پێشمەرگەش ئاماژەی بۆ دەکات دوو بارەگا بەر ئەو هێرشانە کەوتوون و سێ پێشمەرگە برینداربوون.