وەزارەتی بەرگری عێراق: بنکەیەکی ئاسمانی کەرکوک کەوتە بەر هێرشیکی دڕاندانە

‌ئەرشیف، وەزارەتی بەرگری عیراق

وەزارەتی بەرگری عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە هێرشکردنە سەر بنکەیەکی ئاسمانی لە پارێزگای کەرکوک و دەڵێت "هیچ بیانییەک لەوێ نەبوە و فڕۆکەخانەکە بنکەیەکی تایبەتە بە عێراق".

چوار شەممە، ١٨ ئادار ٢٠٢٦، وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند "بنکەی ئاسمانی کەرکوک کەوتەبەر هێرشێکی دڕندانە بە مووشەک، لە ئەنجامیشدا ئاگر لە ناو بنکەکە کەوتەوە، بەڵام ستافی تەکنیکی بەخێرایی کۆنتڕۆڵیان کرد و هیچ زیانێکی گیانی نەبوو".

"بنکەی ئاسمانی کەرکوک بنکەیەکی تایبەتە بە عێراق و کۆمەڵێک فڕۆکەی عێراقی لەخۆ دەگرێت، فەرمانبەری نیشتیمانی لە فڕۆکەخانەکە کار دەکەن و هیچ بیانییەکی تێدا نییە" لە ڕاگەیاندراوەکەدا بەو شێوەیە هاتوە. 

وەزارەتەکە وتویەتی "بە ئامانجگرتنی ئەو بنکەیە هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر توانای فڕۆکەوانی سوپای عێراق و زیانێکی گەورە بە سیستەمی ئاسمانی دەگەیەنێت، لەکاتێکدا وەزارەتی بەرگریی چەندین ساڵە بەردەوامە لە هەوڵە بێوچانەکانی بۆ بنیادنانەوەی هێزی ئاسمانیی عێراق".

لە کۆتایی راگەیانداروەکەدا هاتوە کە "ئەم جۆرە هێرشانە تەنها دامەزراوە سەربازییەکان ناکەنە ئامانج، بەڵکو هەوڵێکە بۆ لاوازکردنی دەستکەوتەکانی عێراق و لاوازکردنی توانای بەرگریی عێراق، ئەمە پێویستی بە هەڵوێستێکی توند هەیە، لە دژی هەر کەسێک کە هەوڵ بدات ئاسایش و سەروەری وڵات لاواز بکات".




PM:11:41:18/03/2026