ئاسایشی ڕۆژئاوا ٣٠٠ دیلی ڕووداوەکانی ئەم دواییە ئازاد دەکات

بەرپرسی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند'' لە هەنگاوێکی مرۆیی و بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی، ئەمڕۆ سەدان دەستبەسەرکراو دەگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان.''

مەحمود خەلیل، ناسراو بە "سیامەند عەفرین"، بەرپرسی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان، دەڵێت'' ئەمڕۆ لە شاری حەسەکە و لە ناوچەی "بازنەی ئەلصەباغ"، پرۆسەی ئازادکردنی (٣٠٠) دیل دەست پێ دەکات کە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا دەستگیر کرابوون.''

ئەم بڕیارە دوای هەوڵێکی چڕ و بەردەوامی هێزەکانی ئاسایش و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هاتووە؛ ئامانج لێی چارەسەرکردنی کێشەی زیندانیان و کەمکردنەوەی گرژییەکانە لە پێناو پاراستنی ئاشتیی نێوخۆیی.

بەرپرسی ئاسایش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سەکۆی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پابەندبوونی تەواوی ئەوان بە بەهێزکردنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و نیشاندانی نیازپاکی بۆ تێپەڕاندنی ئاڵۆزییەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و لێبوردنی کۆمەڵایەتییەوە.

دیاریکردنی شوێنێکی گشتی وەک "بازنەی ئەلصەباغ" لە حەسەکە، ئاماژەیە بۆ شەفافیەتی پرۆسەکە و دڵنیاکردنەوەی خەڵکی ناوچەکە کە هێزە ئەمنییەکان دەیانەوێت لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ ئەو کەسانە هەڵبدەنەوە کە پەیوەست نین بە گروپە توندڕەوەکانەوە.




PM:12:54:19/03/2026