شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارینی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی ڕایگەیاند” ئاسمانی ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆکانی دەریای سوور و سپی ناوەڕاست و بەو هۆیەشەوە بارانبارینێکی زۆر و دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما لە ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا چاوەڕوان دەکرێت.” 

پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاسمانی هەرێم بە گشتی هەوری تەواو دەبێت و لە کاتەکانی ئێوارەوە نمەباران لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوا و باشوور دەست پێ دەکات و پاشان کاریگەرییەکەی تەواوی هەرێم دەگرێتەوە، بە جۆرێک لە کاتەکانی شەودا بارانەکە دەبێتە بارانی بەردەوام و بڕێکی زۆر دابارین تۆمار دەکرێت، هاوکات خێرایی با لە هەندێک ناوچەی باشوور و باشووری ڕۆژئاوا چالاک دەبێت و دەگاتە سەرووی ٤٠ کم لە کاتژمێرێکدا و پلەکانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ یەک تا سێ پلە نزم دەبنەوە.

بارودۆخی کەشوهەوای سبەی هەینی
بۆ سبەی هەینی کاریگەری شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت و ئاسمانی هەرێم بە هەوری باراناوی دەمێنێتەوە، لە ناوچە سنوورییەکانی باکووری خۆرهەڵاتیش ئەگەری بەفربارین هەیە و بۆ کاتەکانی دوای نیوەڕۆ بارانەکە دەگۆڕێت بۆ تاوە باران و هەورەبرووسکە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نزمبوونەوەیەکی بەرچاو لە پلەکانی گەرما ڕوو دەدات کە لە زۆربەی ناوچەکاندا پێنج تا شەش پلە نزمتر دەبن لە چاو پلەکانی ئەمڕۆ و مەودای بینینیش لەنێوان پێنج بۆ حەوت کیلۆمەتردا دەبێت.

بەهۆی دابارینی بەردەوام و ناجێگیری لە بەرگی هەوای هەرێمدا مەودای بینین لە ناوچەکانی داباریندا کەم دەبێتەوە بۆ چوار تا شەش کیلۆمەتر، هەروەها ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی سووک لە هەندێک ناوچەدا هەیە پێش دەستپێکردنی بارانە خوڕەکە، ئەمەش وا دەکات دۆخی گشتی کەشوهەوا سارد و باراناوی بێت و تا کۆتایی ڕۆژی هەینی کاریگەرییەکانی ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە لەسەر ناوچەکە بەردەوام بێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر ١٣ پلەی سیلیزی
پیرمام ١١ پلەی سیلیزی
سۆران ١١ پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران ٢ پلەی سیلیزی
سلێمانی ١١ پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ ١٢ پلەی سیلیزی
دهۆک ١١ پلەی سیلیزی
زاخۆ ١٢ پلەی سیلیزی
هەڵەبجە ١٣ پلەی سیلیزی
گەرمیان ١٧ پلەی سیلیزی



PM:01:34:19/03/2026