وتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی کوردستان، ڕایگەیاند کە وادەی دەرچوونی
ڤیزای عومرە بۆ ئەم وەرزە دیاریکراوە و ئاماژەی بەوە کرد کە ڕۆژی ١ی شەوال
(٢٠/٣/٢٠٢٦)، دواین ڕۆژی دەرچوونی ڤیزا دەبێت .
کاروان ستونی ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی کە ڤیزایان وەرگرتووە
و گەشتیان نەکردووە دواین وادە بۆ چوونە
ناو خاکی عەرەبستانی سعوودیە لەلایەن عومرەکارانەوە، ڕۆژی ١٥ی شەوال (٣/٤/٢٠٢٦) دەبێت
.
ناوبراو ئاشکرای کرد، کە ڕۆژی ١ی ذو القعدە (١٨/٤/٢٠٢٦)، بە
کۆتا ڕۆژی وەرزی عومرە لە سعوودیە دادەنرێت و جەختی کردەوە کە نابێت لەو ڕێکەوتە بەدواوە
هیچ عومرەکارێک لە سعوودیە مابێتەوە و پێویستە هەمووان گەڕابێتنەوە.
سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی حەج، کاروان ستونی ئاماژەی بەوە
کرد، کە زۆربەی ئامادەکارییەکان بۆ حەجی ئەمساڵی ٢٠٢٦ تەواو کراون، بەڵام بەهۆی شەڕ
و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی نوێ یان گۆڕانکاری بۆ وەرزی حەجی
٢٠٢٦ نەدراوە و کارەکان وەک خۆیان بە ڕێکوپێکی بەڕێوەدەچن.
لە کۆتاییشدا، کاروان ستونی ئاماژەی بەوە کرد، کە هەر لە ڕێکەوتی
١٨/٤/٢٠٢٦، یەکەم ڕۆژی چالاککردنی ڤیزای حەجی ئەمساڵ دەبێت و بەمەش قۆناغی کردەیی
گەشتی حاجی ئەمساڵ ٢٠٢٦ دەستپێدەکات